سەرەتایەک بۆ نهێنەپەڕلە – بەشی دووەم –

0
بابەت بڵاوبکەوە......
Share on FacebookEmail this to someoneShare on Google+Pin on PinterestTweet about this on TwitterShare on LinkedInShare on RedditShare on TumblrDigg this

کورتە باسێکی زیاتر لەسەر نهێنەپەڕلە

نهێنەپەرڵە هەروەکو لە جارەکەی پێشوو ئاماژەمان پێدا کە بریتیە لە زانستێک یاخود ڕێگایە کە دەبێتە هۆی پاراستنی زیانیار و پەرگەکانمان و هەروەها چۆنیەتی ئاڵوگۆڕ کردنی زانیاریەکان لە نێوان دوو کەسدا .. بۆ خوێندنی زیاتر تکایە کرتە لەسەر ئەم بەستەرە بکە ( سەرەتایەک بۆ نهێنەپەڕلە – بەشی یەکەم – ).

ڕێگاکانی بە نهێنەپەڕلەکردن

هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی ئەم جۆرە لەمیکانیزم چەندین ڕێگە دۆزراونەتەوە بۆ بەجێگەیاندنی ئەم بە نهێنیەپەڕڵەکردنە، کە هەریەکەیان ماهیەتێکی خۆی هەیە و سوود و زیانی خۆی هەیە بەڵام بە شێوازێکی گشتی کاریگەری ئەم ڕێگایانە بەندن لەسەر خێرای جێبەچیکردن و هەروەها هەتاچەند پارێزراوە ( چوونکە هەندێ جار دەتوانرێت ئەم پەرلانە بشکێنرێن )، بۆیە بە گشتی ئەم چەند جۆرانەی خوارەوەمان هەیە:

  • Data Encryption Standard : یەکەم ڕێگای نهێنەپەڕلە کردنە کە بە ( DES ) ناسراوە کە یەکێک لە جۆرەکانی نهێنەپەڕلەی بەیەکداهاتوو لە ساڵەکانی ١٩٧٠ دا لە تاقیگەکانی کۆمپانیەی IBM پەرەیپێدرا لەلایەن هۆرست فایستڵ ( ‌Horst Feistel ) کە لەسەر بچینەی کلیکی ٤٨-بیت ( کە دەکاتە شەش پیتە وشە ) و پارچە پارچە کردنی پەڕگەکان بۆ پارچەی ٣٢-بیتی لەپاشدا هەڵدەستێت بە XOR کردنی کلیل و پارچەکان و لەدوایدا SHIFT ــیان پێدەکات، وەلێ ئێستا ئەم جۆرە ڕێگایە بەکار نایەت چونکە ئێستا لە تواناداهەیە بشکێنرێت بەڵام سەرەتایەکی باشبوو بۆ نهێنەپەڕلە و هەروەها بۆ گەشەپێدانی کە لە دوایدا بووە بناغەیەک بۆ  Triple-DES کە بە هەمان شێوەی DES کاردەکات تەنها شتێک کە گۆڕابێت تێیدا ئەوەی کە ئەم هەڵدەستێت بە دووبارەکردنەوەی کردارەکە سێ جار بۆ هەر پارچەیەک.

  • RSA Algorithm : ئەمەیان جۆرێکی تر لە ڕێگای نهێنەپەڕلە کردن کە کورتکراوەی ( Rivest, Shamir, Adelman ) کە ناوی ئەو سێ زانایەیە کە ئەم ڕێگایەیان دۆزیوەتەوە کە یەکێکە لە جۆرەکانی نهێنەپەڕلەی بەیکدانەهاتوو کە لە ساڵی ١٩٧٨ دا دۆزیانەوە ئەم ڕیگایە لە نهێنەپەڕلەکردن، شێوازی کارکردنی زۆر ئاڵۆزە کە بە چەند دێڕێک باسناکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا بە شێوازێکی چڕ و بابەتیانە باسی دەکەین.
  • Advanced Encryption Standard : بەربڵاوترین و سەرکەوتووترین جۆڕی نهێنەپەڕلەیە کە ناسراویشە بە ( Rijndael ) بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٩٨ دا بڵاوکراوەتەوە لە ( Vincent Rijmen و Joan Daemen ) ئەمەش سەربە نهێنەپەڕلەی بەیەکداهاتووە کە بەهۆی کلیلێکی ١٢٨ یا ١٩٢ یا ٢٥٦ بیت-یەوە و پارچەپارچەی ١٢٨-بیت ئەمیش بە سێ قۆناغە یەکەم جار بایت-ەکان لێکدەردەکات پاشان ستوونەکان دەجوڵێنێت و پاشان ڕیزە ئاسۆیەکان تێکەڵدەکات، ئەم جۆرە لە نهێنەپەڕلە هەتا ئێستا نەتوانراوە بشکێنرێت چونکە پێویستی بە چەندین کاتە هەتاوەکو بتوانێت بیشکرێت بە هەزارەها ساڵ پێویستە!
  • Blowfish : جۆرێکی تری لە ڕیگاکانی نهێنەپەڕلە ئەمەش لەسەر بنچینەی نهێنەپەڕلەی بەیاکداهاتوو کاردەکات کە پێکدێت لە کلیلێکی ٣٢-بیت بۆ ٤٤٨-بیت وەهەروەها پارچەپارچەی ٤٨-بیت، لە ساڵی ١٩٩٤ لە لایەن بروس شنایەر ( Bruce Schneier ) کە خێراترین جۆری نهێنەپەڕلە بوو لەو کاتەدا بە بەراورد لەگەڵ توانای کۆمپیوتەرەکان-دا لەو سەردەمەدا، ئەمەش لەسەر بنچینەی چەند کرداریکی لۆژیکانەی AND کردن و XOR کردن کاردەکات، ئەم ڕیگایەش لە ساڵی ١٩٩٦ دا توانرا بەڕیگایەک بشکێنرێت وەلێ زۆر سەرکەوتوو نەبوو، پاشان بروس پێشنیاری کرد کە Twofish بەکاربهێنرێت کە پارێزراوترە.
  •   جگە لەم ڕێگایانە چەند ڕێگایەکی تر هەن کە بەربڵاون وەکو ( RC4 و Elliptic Curve و DSA …. هتد ).

تێكهەڵدراوەپەڕلە

تێکهەڵدراوەپەڕلە چیە؟

ئەمە سێیەم جۆری نهێنەپەڕلەیە کە پێدەوترێ تێکهەڵدراوەپەڕلە کە بە ئینگلیزی پێدەوترێ ( Hash Function ) کە بایەخ دەدات بە هەڵگرتنی زانیاریەکان بە شێوەیەکی پارێزراو تا هەرکاتێک ئەگەر هاتوو، ئەو ناوەندەی کە زانیاریەکانی تێدایە هاک-کرا یاخود ئەو زانیاریانە دزران نەتوانرێت سوودیان لێوەربگیرێت! ئەمەش ڕێگایەکی زۆر سەرکەوتووە بۆ پاراستنی زانیاریەکان بەتایبەتی وشەی نهێنی کە زۆربەی وێبسایتەکان کاتێک زانیاری بەکارهێنەر تۆمار دەکەن وشە نهێنیەکەی بەم جۆرە لە نهێنەپەڕلە تۆمار دەکەن، هاش کۆد بە گشتی بریتیە لە گرێیەک کە لە وشە نهێنیەکەوە دروست دەکرێت، بەڵام زۆر ئەستەمە ئەم گرێیە بگێردرێتەوە بۆ وشە نهێنیەکە! بۆیە بەمە تانانەت ئەگەر ئەو ماڵپەرە کەوتە بەر هێرشی هاک-یش ئەوا ئەستەمە بتوانرێت وشە نهێنیەکە بزانرێت.

 

ڕیگاکانی تێکهەڵدراوەپەڕلە:

بەهەمان شێوەی نهێنەپەرڵە ئەمەش چەند ڕێگایەکی هەیە کە هەریەکەیان و میکانزمێکی جیاواز بەکاردەهێنێت، ئەمەش ڕێگاکان:

  • Message-Digest : ڕیگەیەکە لە ڕێگاکانی تێکهەڵدراوەپەڕلە ( Hash Function ) کە لەلایەن ڕۆناڵد ڕیڤێست-ەوە پێشرا لە ساڵی ١٩٨٩ و یەکەم وەشانی ناولێنرا MD2 کە بریتیە لە تێکەڵەیەک لە ژمارەی هێکسا-دێزماڵ کە دریژیەکەی نزیکەی ١٢٨-بیتە، ئەم وەشانەیان بۆ کۆمیوتەری ٨-بیتی پێشخرابوو بۆیە لەم سەردەمەدا زۆر پارێزراونیە، لەپاشاندا وەشانی چوارەم هات کە بریتیبوو لە MD4 لە ساڵی ١٩٩٠ ئەم جۆرەشیان زۆر سەرکەوتوو نەبوو لە فەراهەم کردنی پاراستنێکی تووند و تۆڵ بۆ تێپەڕەوشەکان و زانیاریەکان کە لە ساڵی ٢٠٠٤ دا توانرا لەڕێگەی هێرشێکەوە بشێکنرێت کە زۆر چالاک بوو پاشان لە ٢٠١١ دا توانرا بە هێرشێکی کەمتر و خێراتر پەڕلەکە بشکێنرێت، پاش ئەو وەشانە وەشانی نوێ دەرچوو کە بریتیبوو لە MD5 کەم ئەم جۆرەیان بەربڵاوترینە لە ڕووی بەکارهێنانەوە بەوەی کە زۆربەی ماڵپەرەکان ئەم ڕێگایە لە پاراستنی تێپەڕەوشەکان بەکاردێت کە لە ساڵی ١٩٩٢ دا پێشخرا و ئێستا بەکارهێنانێکی زۆری هەیە.
  • Secure Hash Algorithm : ئەم جۆرە ڕێگایە ساڵی ١٩٩٣ لەلایەن ئاژانسی پاراستنی نەتەوەیی ئەمریکاوە داهێنرا بۆ پاراستنی زانیاریەکان و چەند وەشانێکی هەیە سەرەتا SHA-1 و پاشان SHA-2 و SHA-3 و SHA-128 و کە کۆتا جۆریان SHA-512 ـەیە کە درێژی پیت-ەکان لەپاش تەواوبونی کرداری بە تێکهەڵدرانەپەرڵەکەدا پەیدا دەبێت ٤٠-ژمارە درێژیە کە ژمارەکان لەسەر بنچینەی هێکسا-دێزیماڵ بنیادنراوە.
  • BLAKE : ڕێگایەکی تر لە ڕێگاکان بەهەمان شێوەش ئەمەیان چەند جۆریکی هەیە کە پەیوەستە بە درێژی بەدەستکەوتوو لە پاش بەجێهێنانی کردارەکە بەسەر تێپەڕەوشەکەدا لەوانە BLAKE و BLAKE2 و هەروەها BLACK-256 هەتاکوو BLAKE-512.

 

ئەمە بەشێوازیکی گشتی باسێک بوو دەربارەی نهێنەپەڕلە ( Cryptography ) هیوادارم لەڕێگەی ئەم دوو بەشەوە زانیاریتان زیادی کردبێت لەسەر ئەم جۆرە لە زانست کە لە ئێستا بایەخی زۆری پێ ئەدرێ لەسەر ئاستی پاراستنی زانیاری و مافی بەکارهێنەران، وە لە داهاتووەیەکی نزیکدا بە شیوازێکی چڕ و پڕ باس لە چۆنیەتی شکاندنی جۆرەکانی نهێنەپەڕلە دەکەین و میکانزمی شکاندن و جۆرەکانی نهینەپەڕلەی پارێزراو، دەتوانیت لەڕیگەی سەرنج و پێشنیارەکانتانەوە ماڵپەرەکەمان دەوڵەمەندتر بکەن سوپاس و پێزانینمان هەیە بۆتان.

 

 

لێدوانێک بنووسە